***

نیگەرانم

بۆ سنوورێ کە بەرگەی باڵات ناگرێت

نیگەرانی فرمێسکەکانی دایکم

کە بێ من بۆ کێ...؟

وە ئەو گەڕەکە بێ سەرەنجامە

کە منداڵیمانی خوڵک کردە درەنگانی ئێزگەکانەوە...

بێ تۆ نیم

بێ تۆ باوەشم بۆشاییە و شەقامێک

کە ئێرە لە شەوانی پاریس دوورترم و

لەشم زەریایەکە سوێر لە زاری فلامینگۆەکاندا

بەسە پشتم لێبکەیت

تا بۆنی بارانێ هەڵبمژم کە هی پیادەڕەوەکانی من نییە

نین لێوەکانت

کە بیسڕنەوە ئەم خوێنە لە لێواری لێومەوە

ئەبێ مانتۆکەم دابکەنم بۆ خیابانێکی ڕووت و ڕووسپی

ئەبێ خۆت دەرباز بکەیت لە من و تەواوی ناوەکان

نیشانەکان هەڵە بوون

من زمانی تۆ نەبووم

زمانی تەنیاییەکانت کە لاڵ...

نە قژەکانم لە زەیتوون و نە باڵات لە درەخت

باڵات لە بارانێکی ڕووت

کە خوماریم لە مەبالەکانی ئەم پارکە ناشواتەوە